یەکێتی وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان نێچرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی "بۆ چارەی کێشەکانی پارتییە" 3 .

0
26

نێچیرڤان بارزانی و لەتیف شێخ عومەر

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دایەوە و رایگەیاند، ئەو ئێستا سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات هێندە کێشەی هەیە کە نەیپەرژێتە سەر ئەوەی باسی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی بکات.

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمۆنیتەر کە زیاتر “وەك سەرۆكی هەرێم قسەی کردوە” لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە رایگەیاندوە، “ئێستا زۆر گروپی جیاواز لە ناو یەکێتی هەن، پێویستە ئێمە لەگەڵ هەمویان دانوستاندن بکەین و ئەمەش کێشەیەکی رونە”.

بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا راشیگەیاندبو، “شەڕەکە ئێستا لەناو یەکێتیدا لەسەر ئەوەیە کێ چ پۆستێک وەردەگرێت، ئەوان هەستدەکەن پارتی زۆری بە گۆڕان بەخشیوە و شایستەی زیاترن”.

 چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد جەنابی کاک نێچیرڤان قسەیەکی باشتر بکات

 

لە وەڵامی ئەو وتانەدا لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد جەنابی کاک نێچیرڤان قسەیەکی باشتربکات وەک ئەوەی پێشتر دەیکرد، نەک وەک ئەوە بۆ ئەلمۆنیتەر کردویەتی”.

وتەبێژەکەی یەکێتی لەوەش زیاتر وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دایەوەو کاتێک وتی، دابەشکردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی پارتییە.

حکومەتی هەرێم کە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات ئەوەندە کێشەی هەیە سەری نەپەرژێتە سەر کێشە ناوخۆییەکانی ئێمە

 

لەتیف شێخ عومەر وتیشی، “حکومەتی هەرێم کە تا ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات ئەوەندە کێشەی هەیە سەری نەپەرژێتە سەر کێشە ناوخۆییەکانی ئێمە، ئەگەر ئێمە کێشەمان هەبێت، حزبی دیکەش هەیەتی، هەرخۆی تەسویەکردنێکی بنەماڵەییانەی دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەو رێگەیەی کە بینیتان بەشێکە لە موقایەزەیەک بۆ چارەسەری کێشەیەکی حزبیانە”.

ئەو وتانەی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە، پارتی و یەکێتی رێککەوتنامەی سیاسی نێوانیان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە واژۆکردوە.

[ad_2]

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here