10 كۆمپانیای ئەڵمانی كەرەستەی چەكی كیمیاویان بە عێراق فرۆشتووە

0
14

شارەزایەكی چەكی ئەتۆمی: لە گوندی هێرۆی ناوچەی پشدەر یۆڕانیۆم لەسەر زەوی بە چاو دەبینرا

رووداو-دوسلدۆرف

لە حەوتی ئەیلولی 1975 دا سەدام حوسێن كە ئەوكات جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بوو، لەگەڵ جاك شیراك، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی فەرەنسا، سەردانی ناوەندی ئەتۆمی فەرەنسا دەكەن. ئەمە بە هەنگاوی سەرەتای پیتاندنی یۆرانیۆمی عێراق دانرا كە دواتر بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی و كیمیابارانكردنی چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستانی بەدوادا هات.

حامد ئەلباهلی، زانای وزەی ئەتۆمی عێراق، كاتێك چیرۆكی وێستگە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی دەگێڕێتەوە، دەڵێت :”لە شەممەی یەكەم ئەیلولی ساڵی 1968 من وێستگەكەم بەكارخست”. وێستگەكە لەلایەن یەكێتی سۆڤیەتەوە لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا دانرا بوو، وزەكەی دوو مێگاوات بوو. بەپێی قسەكانی ئەلباهلی مێژووی وزەی ئەتۆمی عێراق بۆ ساڵی 1952 دەگەڕێتەوە كە ئەو بە لایەنە رووناكەكەی وزەی ئەتۆمی ناوی بردووە. مەبەستی بەكارهێنانی وزەی ئەتۆمە بۆ  كاری سڤیل وەكو تەندروستی، پیشەسازی و نەوت.

بە گوتەی ئەلباهلی، لە ساڵی 1954 پەیمانگای رادیۆ نیوكلید دامەزرا كە بوو بە ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی كادیری بوارەكە. دوو ساڵ دواتر لیژنەی وزەی ئەتۆمی عێراقی دامەزرا. دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی، عێراق لە ساڵی 1959 رێككەوتننامەیەكی بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەكی وزەی ئەتۆمی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەت ئیمزا كرد كە لە دوو بەش پێكهاتبوو، یەكەم: دامەزراندنی پرۆژەیەكی ئەتۆمی و دووەم: پێگەیاندنی 100 كادیری ئەو بوارە. حامد ئەلباهلی یەكێك بووە لەوانەی لە 1960 بۆ راهێنان چووەتە یەكێتیی سۆڤیەت.

كڕینی وێستگەی ئەتۆمی لە فەرەنسا

دوای سەردانەكەی سەدام بۆ فەرەنسا، عێراق دوو ریاكتۆری بەناوەكانی (ISIS) و (OSIRIS) كڕی. عیماد خدووری، لە پەرتووكی سەرابی چەكی ئەتۆمی عێراقدا دەڵێت، توانای یەكەمیان 40 مێگاوات و دووەمیشیان دوو مێگاوات بوو. دواتر وێستگەكان نێونران تەمموز یەك و تەمموز دوو، ئەگەرچی ئامانجەكە دانانی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بوو، بەڵام رێككەوتنەكەی سەدام و شیراك لە بواری ئەتۆمیدا و بەتایبەتیش لە كەرتی سەربازیدا زۆر بەرفراونتر بوو. ئەوكات سەدام حوسێن لە هەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی لوبنانی گوتی: “رێككەوتن لەگەڵ فەرەنسا هەنگاوی یەكەمە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی عەرەبی”.

بەڵام خەونی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن عێراقەوە زوو ئاوابوو. ئێوارەی 7ی حوزەیرانی ساڵی 1981 فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، بۆردومانی هەردوو وێستگەی تەمموز یەك و تەمموز دوویان كرد. مەناحێم بێگن كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بوو، گوتی “بە تەواوبوونی وێستگە ئەتۆمییەكان، عێراق دەیتوانی لە ماوەیەكی كورتدا ببێتە خاوەنی 3-5 لەو بۆمبانەی لە هێرۆشیما دران”.

هەوڵەكانی عێراق بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بە تێكدانی ئەو وێستگانە كۆتایی نەهات، عێراق لە گەرمەی شەڕدا بوو لەگەڵ ئێران، لە هاوینی 1987 سەدام حوسێن پرۆژەی پێترۆكیمیایی سێی راگەیاند كە ئامانجەی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بوو.

گەڕان بە دوای یۆرانیۆم لە كوردستان

عیماد خدووری كە زانایەكی دیاری بواری ئەتۆمی عێراق بووە، تاوەكو ساڵی 1998 لەو بوارەدا كاری كردووە، دەڵێت لە زۆر شوێنی عێراق بە دوای یۆرانیۆمدا گەڕاوە. سەرەتاش چووەتە گوندی هێرۆ لە ناوچەی پشدەر :”لەوێ لەسەر زەوی یۆڕانیۆم بە چاو دەبینرا”.
خدووری لە زۆر ناوچەی دیكەدا بەدوای یۆرانیۆمدا گەڕاوە، لەوانەش ناوچەی (الجل) لەسەر سنووری عێراق و سعودیە. قائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا كە دەوڵەمەندە بە فۆسفات.

كۆمپانیا ئەوروپییەكان و چەكی ئەتۆمیی عێراق

لە سەرەتای هەشتاكان، دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا، حكومەتی ئەڵمانیای ئاگادار كردەوە كە عێراق بە هاوكاریی كۆمپانیاكا ئەڵمانییەكان كارگەی بەرهەمهێنانی گازی خەردەل و سیانید دادەمەزرێنێ‌. نۆربێرت گانزل كە لە 1972 تا 1997 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا بوو، لە نیسانی 1984 پرسیاری لە حكومەتی وڵاتەكەی كرد ئایا ئاگاداری كاری كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیانن لەگەڵ عێراق؟ ئالڤیس مێرتەس كە ئەوكات وەزیر بوو لە وەڵامدا دەڵێت :”كارگەی سامەڕا كە كۆمپانیاكانی پیلۆت پلانت كەرەستەی پێداوە، ناتوانێت گازی خەردەل بەرهەم بهێنێ”.

دوای كیمیابارانی هەڵەبجە لە ئاداری 1988، هەمان پەرلەمانتار پرسیاری لە حكومەتەكەی كردەوە. مارتن بانگەمان كە  وەزیری ئابووری بوو، وەڵامی دایەوە و گوتی :”وەزارەتی ئێمە تا ئێستا هیچ زانیارییەكی كۆنكرێتی لەوبارەوە نییە”. زانیاری كۆنكرێتی ئەوە بووە كە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لە ژێر ناوی جیاجیا، كەرەستەی بەكارهێنراویان بە كارگەكانی پێترۆكیمیایی عێراق فرۆشتووە.

هەماهەنگی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و پێدانی كەرەستەی كیمیایی لە حەفتاكانەوە دەستپێكردووە و تاوەكو 1991 بەردەوام بووە، پەیمانگای لێكۆڵینەوەی ئاشتی لە سوێد لە راپۆرتەكانیدا باس لە 29 وڵات دەكات كە تەكنەلۆژیا و كەرەستەی سەرەتایی چەكی كیمیاییان بە عێراق فرۆشتووە. 

ئێزگەی ئەڵمانیا، لە 17ی ئاداری 2003 لە بیست و پێنجەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، باسی  80 كۆمپانیای ئەڵمانی كرد كە بازرگانییان لەگەڵ عێراق كردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەكی كیمیایی. هەندێك لە كۆمپانیاكان هەر دوای تەواوبوونی گرێبەستەكەیان، خۆیان هەڵوەشاندەوە، هەندێكیشیان تا ئێستا ماون.

هێلمۆت كوهل، راوێژكاری پێشووتری حكومەتی ئەڵمانیا، لە ساڵی 1989 لەبارەی پەیوەندی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا بە بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی لە عێراق دەڵێت :”هەندێك زانیاری لەو بارەیەوە هەن، دەكرێ‌ زانیاریی سەرنجڕاكێش بن، بەڵام ئەگەر نەتوانرێ‌ لە دادگادا بیانسەلمێنین، بێسوودن”.

تا ئێستا چەندین دۆسیە لەلایەن داواكاری گشتی ئەڵمانیاوە لە دژی ئەو كۆمپانیایانە كراونەتەوە كە هاوكاری عێراقیان كردووە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی. چوار مانگ پێش كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، لە نۆڤێمبەری ساڵی 1987 كارمەندانی تاوانەكانی گومرگ لە شاری دارمشتات دەستیان بەسەر سەتان بەڵگەی 12 لەو كۆمپانیایانەدا گرت. دوای هەڵسەنگاندنی دۆكیۆمێنتەكان دەركەوت كەرەستەكانی دوو لەو كۆمپانیایانە دەكرێ‌ لە بەرهەمهێنانی كەرەستەی شەڕ لە كارگەی سامەڕا سوودیان لێوەربگیرێ‌.

دیتەر باكفیش، بەڕێوەبەری كۆمپانیای كارل كلۆب لە روونكردنەوەیەكدا بۆ دادگای شاری بۆن لە ساڵی 1989 دەڵێت بەرهەمهێنانی كەرەستەی كیمیایی جەنگی بە هاوكاری ئەوان مومكین نییە. لە هەمانكاتدا باسی كارگەی سامەڕا دەكات و دەڵێت كارگەیەكی ئاڵۆزە و چەندین بەشی جیاوازی هەیە. بەدرێژایی 30 ساڵ لە رێگەی نوێنەرەكانیان لە بەغدا كەرەستەی تاقیگەی بە وڵاتانی دیكەی عەرەبیش فرۆشتووە.

تۆماس ماركس، پارێزەری كۆمپانیای (WET) كە سەودایەكی 20 ملیۆن ماركی لەگەڵ عێراق كردووە، دەڵێت: “بەدووری نابینم كارگەی سامەڕا بۆ ئامانجی دیكەش بەكارهێنرابێ‌”. 

لە راپۆرتێكی حكومەتی عێراقدا كە دوای بڕیاری 678ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە دوای 1991 سەبارەت بە چەكی كیمیایی پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، ناوی كۆمپانیاكانی پیلۆت پلانت هاتووە كە كۆمپانیا هاوبەشەكەی كارل كلۆپ بووە بۆ بازاڕكردن لەگەڵ عێراق، دانی بەوەدا ناوە كە لە ساڵی 1983 كەرەستەی كیمیایی بە عێراق فرۆشتووە، بەڵام عێراق دەڵێت مامەڵەی لەگەڵ 100 كۆمپانیای ئەڵمانیدا هەبووە كە ئامێر و كەرەستەی سەرەتایی كیمیاوییان پێ فرۆشتووە.

رۆژنامەی (ڤێڵت)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە لە نێوەڕاستی هەشتاكانەوە تاوەكو ساڵی 2002، لێكۆڵینەوە لەگەڵ 65 كۆمپانیا و 137 گومانلێكراو كراوە كە مامەڵەیان لەگەڵ عێراق كردووە.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here