170 هاوژینی چەکدارانی داعش لە کەرکووک نیشتەجێن

0
101

ژنانی رزگاربووی ژێردەستی داعش چیرۆکی ژیانیان دەگێڕنەوە

رووداو – کەمپی لەیلان 

له‌نێو كه‌مپه‌كانی له‌یلان، زیاتر له‌ 170 ژن هەن، کە هاوژینه‌كانیان چه‌كداری داعشن و له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌دا زیاتر له‌جارێك هاوسه‌رگیریان پێكراوه‌.

ژنێکی کەمپی لەیلان هه‌فته‌یه‌كه‌ منداڵی له‌ چه‌كدارێكی داعش بووه‌ و، له‌ده‌ستیان هه‌ڵاتووە، به‌ڕێگای مان و نه‌مان خۆی گه‌یاندووەته‌ كه‌ركووك. ئه‌و ژنە نازانێت باوكی منداڵه‌كه‌ی كێیه‌، بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ بیگرێتە خۆی.

(م. ع.)، هاوژینی داعش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند “پێش ئه‌وه‌ی داعش بێت، ئاسووده‌بووین، كه‌ داعش هات دونیامان به‌سه‌ردا رووخا، منیان به‌زۆر له‌ چه‌كدارێك ماره‌بڕ كرد، دواتر هه‌ر رۆژه‌ و چه‌كدارێك ده‌هاته‌ لام تاوەکو ئه‌و كاته‌ی منداڵم بوو. ده‌زانم باوكی منداڵەکەم چه‌كدارێكی عێراقیه‌، به‌ڵام من نایناسم”.

دوو كچی خێزانێکی دیکەی کەمپەکە هه‌مان چاره‌نووس رووبه‌روویان بووەته‌وه‌، دایكی جاسم كه‌ دوو نه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعشی له‌ باوه‌ش گرتووه‌، كچێكی هێشتا هاوژینی چه‌كدارێكی داعشه‌ و، ئه‌وه‌ی دیكه‌شی دوای هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ چەکدارانی داعش تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە.

دایكی جاسم، خه‌سووی دوو چه‌كداری داعشە و ده‌ڵێت “ئێمه‌ كاژێر 02:00ـی شه‌و په‌ڕینه‌وه‌ و له‌ ده‌ست داعش رزگارمان بوو، له‌وه‌ ده‌ترساین سه‌رمان ببڕن. داعش دوو كچی منیان به‌زۆر بۆ جهیادییەکان برد، یه‌كێكیان له‌ته‌نیشتمه‌ و شێت بووه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش له‌ حه‌ویجه‌یه‌‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ماڵییان سووتاندم و مه‌ڕ و ماڵات و ئۆتۆمبێله‌كانیشیان بردن”.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌یه‌ك چاو سه‌یری ئه‌و ئافره‌تانه‌ ده‌كه‌ن و، لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌ یه‌كیان ده‌كرێت، له‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ سه‌رچاوه‌ی گرینگن بۆ وه‌رگرتنی زانیاری.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر. به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌كانی كه‌ركووك دەڵێ “ئه‌وان (چەکدارانی داعش) بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری سوودی باشیان لە ئافرەتانەوە بینیوە و ناردوویانەتنە هه‌ندێك شوێن، به‌و پێیه‌ی ئافره‌ت كه‌متر گومانی لێده‌كرێت، ئه‌وانیش هه‌ر به‌هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی داعش كاریان كردووه‌ و، به‌شێكیان خه‌ڵكیان راکێشاوەتە نێو ریزەکانی داعشەوە”.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

 

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here