338 قوتابی لە گرتووخانەوە دەخوێنن

0
31

چاكسازی گەورانی هەولێر تاكە چاكسازییە لەسەر ئاستی عێراق كە خوێندنی زانكۆی تێدابێ
چاكسازی گەورانی هەولێر تاكە چاكسازییە لەسەر ئاستی عێراق كە خوێندنی زانكۆی تێدابێ

رووداو-هەولێر

ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی ئارەزوومەندانی خوێندن لە چاكسازییەكاندا زیاتر دەبێت، بەڵام ئیدارەی چاكسازییەكان نیگەرانن لەوەی شوێنی خوێندنی زیندانییەكان گونجاو نییە. بەڕێوەبەری چاكسازییەك دەڵێ دەیانجار داوامان كردووە، باڵەخانەمان بۆ دابین بكەن، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.

لە هەرێمی كوردستان 6 بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی هەن كە خوێندنیان تێدا دەكرێ. بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا 338 زیندانی لە گرتووخانەكانی چاكسازی دەخوێنن.

چاكسازی گەورانی هەولێر تاكە چاكسازییە لەسەر ئاستی عێراق كە خوێندنی زانكۆی تێدابێ. زریان عەزیز، بەڕێوەبەری قوتابخانەی چاكسازیی گەورانی هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند: “ئێمە توانیومانە نموونەیەكی جوانی چاكسازی پیشان بدەین. لەسەر ئاستی عێراق تاكە چاكسازین زانكۆ و ئامادەیی بە سیستەمی ئاسایی هەبێت، قوتابیمان هەیە لە قۆناغی یەك تاوەكو نۆی بنەڕەتی، لەكاتێكدا لە زۆربەی چاكسازییەكانی دیكە خوێندن بە سیستەمی خێرایە”.

لە ساڵی خوێندنی 2017-2018 تەنیا لە چاكسازی گەورانی هەولێر 163 قوتابی سزادراو لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن هەبوون، 35 یان قوتابی 12ی ئامادەیی بوون كە 10یان دەرچوون بۆ زانۆ، 19 قوتابی لە پۆلی نۆی بنەڕەتی، 16 خوێندكاری زانكۆ و سێ‌ خوێندكاری پەیمانگا.

لەبارەی ژمارەی ئەو خوێندكارانەی تا ئێستا لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیراون، زریان گوتی: “لە ساڵی 2010 تاوەكو 2019، 43 سزادراو لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیراون، بەشێكیان بڕوانامەی زانكۆیان وەرگرتووە. 
زۆربەی ئەو قوتابیانە كە ژمارەیان 28 قوتابییە لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی وەرگیراون. مامۆستای زانكۆكان دێنە چاكسازی و وانە بە خوێندكارەكان دەڵێنەوە”.

زریان عەزیز هەروەها دەڵێت: “زانكۆ و پەیمانگاكان بەپێی توانا مامۆستای بابەتەكانیان بۆ وتنەوەی وانە ناردووەتە چاكسازی. هەندێك قوتابیش بۆ تاقیكردنەوە نێردراون بۆ زانكۆ و پەیمانگا. تەنیا لە ساڵی 2018 لە یەك زانكۆ زیاتر لە 350 جار مامۆستا هێنراوەتە چاكسازییەكەمان”.

یەكێك لە سزادراوەكان كە ئێستا خوێندكاری قۆناغی دووەمی بەشی كۆمەڵناسییە، بە (رووداو)ی راگەیاند: “خوێندنی زانكۆ منی گەڕاندەوە نێو كۆمەڵگە”. ئەو سزادراوە گوتیشی: “ئەو تاوانەی لەسەری سزادراوم، ئەگەر ئەوكات لەو قۆناغەی ئێستا بوومایە هەرگیز بە خەیاڵیش بیرم لێنەدەكردەوە”.

فاتیمە كەمال، توێژەری پێشكەوتوو و سەرپەرشتیاری قوتابخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لەبارەی ئاستی خوێندن لەنێو چاكسازییەكاندا بە(رووداو)ی گوت: “ژمارەی قوتابی و خوێندكار لەنێو چاكسازییەكان زۆر بوون، ئێستا 338 قوتابی و خوێندكارمان هەن كە 325ـیان پیاون و 13ـیان ئافرەتن “.

لە چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر 22 قوتابی قۆناغی بنەڕەتی و 6 قوتابی ئامادەیی هەن. لە چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی 16 قوتابی بنەڕەتی و سێ‌ قوتابی ئامادەیی هەن كە تاقیكردنەوەی دەرەكی دەدەنەوە. لە چاكسازی ژنان و منداڵانی دهۆك 14 قوتابی هەن. لە چاكسازی گەورانی سلێمانی 44 قوتابی بنەڕەتی و 20 قوتابی ئامادەیی هەن، لە چاكسازی گەورانی دهۆكیش 48 قوتابی بنەڕەتی و 19 قوتابی ئامادەیی تاقیكردنەوەی دەرەكی دەكەن.

كێشەی سەرەكی خوێندن لەنێو چاكسازییەكان نەبوونی باڵەخانەیە، ئومێدە محەممەد، بەڕێوەبەری چاكسازی ژنان و نەوجەوانانی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند: “كێشەی نەبوونی باڵەخانەمان هەیە، ئەوانەی چوونەتە قۆناغی ئامادەیی، بەهۆی نەبوونی باڵەخانەوە تاقیكردنەوەی دەرەكی دەكەن. دەیانجار داوامان لە وەزارەتەكانی پەروەردە و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە باڵەخانەمان بۆ دابین بكەن، بەڵام وەڵامیان نەداوینەوە”.

 گوتیشی: “قوتابیمان هەبووە زانكۆی تەواو كردووە و ئێستا ماستەر دەخوێنێ‌. قوتابیشمان هەبووە لە چاكسازیەكەی ئێمە خوێندوویەتی و ئێستا مامۆستایە لە زانكۆ”.

لەبارەی كێشەی باڵەخانەی خوێندن لەنێو چاكسازییەكاندا سەرپەرشتیاری قوتابخانەی چاكسازییەكان دەڵێ: “ئەمە كێشەی سەرەكی ئێمەیە، خوێندنی ئامادەیی تەنیا لە چاكسازی گەورانی هەولێر و سلێمانی هەیە، چاكسازی ژنانی دهۆك كێشەی نەبوونی بینای قوتابخانەیان هەیە، بڕیار بوو بۆیان دروستبكرێ و نەخشەكەشیان ئامادەبوو، زەوی بەتاڵیشیان هەبوو، بەڵام تاوەكو ئێستا نەكراوە. هەروەها چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر داوای قوتابخانەی ئامادەییان كرد، بەڵام پەروەردە رازی نەبوو،  چونكە ژمارەی قوتابییەكان زۆر كەم بوو”.

لەبارەی ژمارەی مامۆستایانیش كە لەنێو چاكسازییەكان وانە دەڵێنەوە، فاتیمە كەمال دەڵێ: “هەموو چاكسازییەكان مامۆستایان بۆ دابینكراوە، ئێستا 92 مامۆستا لەنێو چاكسازییەكاندا وانە دەڵێنەوە كە 65ـیان لەسەر میلاكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتین و 27 مامۆستاش لەسەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەن، چەندین مامۆستای بیانیش، لەوانە مامۆستای هیندی و بەریتانی و مامۆستای زانكۆ تایبەتەكانیش لەنێو چاكسازییەكان وانە دەڵێنەوە”. 

فاتیمە كەمال دەشڵێ: “بیرۆكەی ئەوەمان هەیە كە بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری بكەینەوە، چونكە بەندكراومان هەیە تەمەنی زۆرە و ناكرێ لەگەڵ قوتابییەك داینێین كە تەمەنی بچووكە”.

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here