"70% -ی خەڵكی مەدەنی هەرێمی كوردستان چەكیان هەیە"

0
176

سامی جەلال: تەنیا سێ هەزار و 645 كەس مۆڵەتیان پێدراوە
سامی جەلال: تەنیا سێ هەزار و 645 كەس مۆڵەتیان پێدراوە

رووداو- هەولێر

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات هەڵەمەتێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت دەستپێبكات، چونكە وەك ئەو دەڵێت “هۆكاری نا ئارامی، روودانی زۆربەی تاوانەكان بەهۆی بوونی چەكەوەیە لە ماڵاندا”.

زیا پترۆس، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “بەپێی ئامارەكانمان هۆكاری زۆربەی تاوانەكان، بوونی چەكە لە ماڵاندا، ئەگەر  تاوانیشی پێنەكرێت، هەندێ‌ جار خەڵكی بۆ شتی زۆر ئاسایی تەقەی خۆشی پێ‌ دەكات، ئەوەش نائارامی دروستدەكات”.

سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات، هەڵمەتێك بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ‌ مۆڵەت بكەن ‌و گوتیشی “پێویستە، هێزە ئەمنییەكانیش تەنیا لەكاتی ئەركدا بتوانن چەك هەڵبگرن ‌و لەكاتێكدا كە لە پشوودان، پێویستە لە شوێنی كارەكەیاندا شوێنی هەڵگرتنی تایبەت بە چەك هەبێت، ماڵەوە بە هیچ جۆرێك شوێنی هەڵگرتنی چەك نییە، بەپێی بەدواداچوونەكانمان 70% خەڵكی مەدەنی لەماڵەوە چەكیان هەیە، ئەوەش هۆكاری زۆربوونی تاوانە جۆراوجۆرەكانە”.

بەپێی گوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆ جگە لە هێزە ئەمنیەكان، لە سەرجەم هەرێمی كوردستاندا تەنیا نزیکەی چوار هەزار کەسی مەدەنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان هەیە. 

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “لە سەرجەم هەرێمی كوردستان سێ هەزار و 645 مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكیان داوە و لەو ژمارەیەش 1314یان لە هەولێر ‌، 1077 لە سلێمانی ، 612 یان لە دهۆك ، 531یان لە ئیدارەی گەرمیان ‌، 93 یان لە ئیدارەی راپەڕین ‌و 18 شیان لە پارێزگای هەڵەبجەیە”.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

سه‌رچاوه‌

وه‌ڵام دانه‌وه‌

Please enter your comment!
Please enter your name here